هاووڵاتییەکی کورد لەزیندانی شیراز لەسێدارە درا

16:31 - 8 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارە درانی هاووڵاتییەکی کورد، هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری شیراز بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی کورد بەناوی \"مەلا رەحیم رەشیدی\" کوڕی جەعفەر و خەڵکی گوندی \"جەتەر\"ی سەربە شاری ورمێ، لەزیندانی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

رەحیم رەشیدی تەمەن ٥٠ ساڵ و باوکی ٥ منداڵ بووە کە ماوەی ٤ ساڵ له زیندانی ناوەندیی شیراز راگیراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەراکان لەسێدارە دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شیرازەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هەنووکە ٥ کەسی دیکەی بە سێدارە مەحکووم کراو بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان راگوێزراون و پێیان راگەیاندراوە کە ئەمشەو لەسێدارە دەدرێن.