هاووڵاتییەکی کورد لەباکووری ئێران کوژرا

14:54 - 2 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: تەرمی هاووڵاتییەکی کوردی سنەیی لە شاری ساری لە ئوستانی مازەندەران دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پۆلیسی ئوستانی مازەندەران کۆتایی حەفتەی رابردوو تەرمی هاووڵاتییەکی بەناوی فاتێح ئەسەدی تەمەن ٣٧ ساڵ لەشارستانی ساری دۆزیوەتەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەسنەوە رایگەیاند، فاتێح ئەسەدی خەڵکی ئاوایی \"تیژ تیژ\"‌ی سەر بە بەخشی کەڵاتەرزانی سنە بووە کە بە مەبەستی کڕین و فرۆشی ماشێن رووی لە باکووری وڵاتی ئێران کردبوو.

پزیشکی دادوەریی شارستانی ساری کوژرانی ئەو هاووڵاتییەی بە \"کوشتنی بەئەنقەست\" لەقەڵەم داوە و بنەماڵەکەشی لەکوژرانی فاتێح ئەسەدی ئاگادار کردۆتەوە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر دۆزراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری کوژران و شوناسی بکوژانی ئەو هاووڵاتییە سنەییە روون نەبۆتەوە و لەو پێوەندییەدا هیچ کەسێکیش دەستبەسەر نەکراوە.

سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵیش هاووڵاتییەکی کورد لەتاران بە زەبری چەقۆ کوژرا و پووڵەکەشی لەلایەن بکوژەکانەوە دزرابوو.

لەو چەند ساڵەی دواییدا تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لەئێران رووی لەزیاد بوون کردووە و ناوەندە پێوەندیدارەکان و پۆلیس باسیان لە دووقات بوونی ئەو تاوانانە کردووە.

مەجید محەممەدی کۆمەڵناس، لەبارەی هۆکاری چوونەسەری تاوانەکان لەئێران نووسیویەتی: هەژاری، ئێعتیاد، رکابەریی بۆ بەدەست هێنانی دارایی زیاتر و نەمانی متمانە لای هاووڵاتیان دۆخی کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بردووە و دیوارێک لەنێوان راستی و نادروستی، خێر و شەڕ و باش و خراب بوونی نییە.