هاووڵاتییەکی کورد دەستبەسەر کرا

15:27 - 20 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکی کوردی دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە پیرانشار، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە جەلال خزری تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی گوندی زێوە سەر بە بەخشی لاجانی پیرانشار ڕاگەیاند.

تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نیە.

لە پێوەندیی لەگەڵ دەستبەسەکرانی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە کە؛ لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لە زۆر حاڵەتدا بە هەڵسوکەوتی توند هاووڵاتییانی کورد دەستبەسەر و لە دانی هەر چەشنە زانیارییەک بە بنەماڵەی ئەو گیراوانە خۆ دەبوێرێت.