هاووڵاتییەکی کورد داوی یەک مانگ دەستبەسەری به دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:56 - 12 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سەقز داوی یەک مانگ دەستبەسەری به دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەتا ڕەحمان زادە\" (شەماڵ سەقزی) کوڕی حاجی \"عەلی\" دوای یەک مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٨٦ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە یەک مانگ پێش دوای بەشداری لە کۆبوونەوەکان بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ڕاگوازرابوو.

ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران پشکێندراوە و کەرەستەی وەک کتێب و کامپیوتێری ناوبراو زەوت کراوە.

هێزەکانی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام و تێکدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار کردووە.

عەتا ڕەحمان زادە خێزاندا و خەڵکی گوندی \"مرزه\" سەر بە بەخشی سەرشیوی سەقزه.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەر، \"بەختیار خۆشنام\" هەواڵنێر و چالاکی مافی مرۆڤی کورد بە دانانی بارمتەی ١٣٧ میلیۆن تمەنی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەو هەواڵنێرەی ئاژانسی موکرایان ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە شوێنی کاری خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.

پووشپەڕی ئەمساڵ، \"بەختیار خۆشنام\" بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندا دژی نیزم لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات\" لە دادگای ئینقلابی سەقز دادگایی کرابوو.