هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:34 - 5 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هەژاری، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەیسەم کەریمی\" خەڵکی شاری بوومەلەرزەلێدراوی قەسری‌شیرین بە هۆی \"هەژاری و پێڕانەگەیشتنی پێویستی حكوومەتی ئێران بە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان\" دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لە دەست داوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە.

دەوترێت لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا بەشێك لە خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بە هۆی ڕووداوی بوومەلەرزەوە باری دەروونیان تێكچووە، ١٥ کەس لەژێر گوشاری دەروونیدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە لە لایەن کۆمەڵناسان و دەرونناسانەوە کراوە، باری دەروونیی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە بارێكی خراپ دایە.