هاووڵاتییەکی کورد بە شێوەی غیابی پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیریی بە سەردا سەپا

17:36 - 21 رێبەندان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی بایەزیدپوور(جۆڵا)"، کوڕی مەولوود، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "شیناوێـ"ـی پیرانشار بە شێوەی غیابی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، پەسەندکراوی ١٣٩٩، ناوبراوی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە ٣٠ی بەفرانباری ئەمساڵ، بە سەر ئەو هاووڵاتییە سەپێندراوە.

عەلی بایەزید‌پوور، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەز، پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ئیسماعیل محەممەدپوور (حاجی عەبدوڵڵا)"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.