هاووڵاتییەکی کورد بە سزانی نەختی مەحکووم کرا

16:20 - 20 سەرماوەز 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد یوونسی" کوڕی ئەکبەر خەڵکی شاری دێهلۆڕان، لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام جێگیر لە شاری دێهلۆڕان، بە سزای نەختی مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمی دادگا کە لە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز دەرکراوە، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتەکانی "چالاکی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی مەحکوومییەتی پێشووی کەیفەری و نەبوونی پێشینە و لە ڕاستای مادەی ٣٧ و ٣٨ی یاسای سزای ئیسلامی، دەستکاری کراوی ساڵی ٩٩، سزای ساڵێک زیندانی تەعزیری ئەو هاووڵاتییەی بە دوو پلە کەمتر، گۆڕی بۆ ٩٠ ڕۆژ زیندان و هەروەها بە بەخشین بە بارودۆخی تایبەتی ئەو هاووڵاتییە لە ڕاستای پەسەندکراوی مادەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی و مادەی ٦٤ و ٦٧ یاسای سزای ئیسلامی، بە دانی بڕی پارەی ٧٠ میلیۆن ڕیاڵ، سزای نەختی مەحکووم کرد.

هەروەها دادگا لە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئیران"، ٦ مانگ زیندانی داسەپاوی ئەو هاووڵاتییەی بۆ ٣٠ ڕۆژ زیندانی گۆڕیوە و لە ڕاستای پەسەندکراوی مادەی ٣٧ی یاسای سزای ئیسلامی و مادەی ٦٤ و ٦٧ی یاسای سزای ئیسلامی، بە دانی بڕی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ، ئەو حوکمە گۆڕدرا.

بەپێی بڕیاری دادگا، توندترین سزا  بۆ ئەو هاووڵاتییە دەبێت جێبەجێ بکرێت و شیاوی پێداچوونەوە لە دادگای پێداچوونەوەی ئیلامە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.