هاووڵاتییەکی کورد بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:27 - 26 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سنە، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەسبەسەری پێشووی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی ئەو شارەی بە ناوی \"محەممەدنەعیم محەممەدپوور\" تەمەن ٤٥ ساڵ کوڕی عەبدولکەریم بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەسبەسەربوونی پێشووی مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"ئەندام بوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی\" تاوانبار کراوە.

محەممەدنەعیم محەممەدپوور، خەڵکی گوندی \"حوسێن ئاوا\" سەر بە شاری سنەیە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" حوکمی چوار ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شەهرام فەرهادی\" بڕییەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگوستەری شاری سنە، بڕینەوەی ئەو حوکمە بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بووە.