هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی ئەندامێکی بەسیج بریندار کرا

21:21 - 15 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان دوو هاووڵاتیی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی ورمێ، برینداربوونی کەسێکیانی لێکەوتەوەو رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، لە گوندی \"ناری\"ی سەربە شاری ورمێ، لە شەڕ و دەمەقاڵەیەکدا یەکێک لەو کەسانەی لایەنی بەرامبەری شەڕەکەی بە زەبری چەک بریندار کرد.

\"هـ.ع\" لەو دەمەقاڵەیەدا، تەقەی لە ئەمیر عەبدوڵڵاهی کوڕی رەحمان کردووەو لە ئەنجامدا سکی ناوبراوی بریندار کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی ئەو شەڕ و دەمەقاڵەیەی رۆژی هەینی، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو کەسەی تەقەی لە ئەمیر عەبدوڵڵاهی کردووە، یەکێک لە بەرپرسانی بنکەی بەسیجی گوندی ناری‌یە، کە لەو دەمەقاڵەەیدا چەکی سازماندراوی خۆی بەکار هێناوەو ئەو هاووڵاتییەی بریندار کردووە.

بەگوتەی دانیشتوانی گوندی ناری، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو خەڵکە خۆجێییانەی کە بە گشتی لەلایەن ناونەدە نیزامییەکانەوە چەکدار کراون، لە کاتی دەمەقاڵە لەگەڵ هاووڵاتییان، بە چەکی سازماندراوی خۆیان تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو کەسە هێرشبەرە نە تەنیا دەستبەسەر نەکراوە، بەڵکوو ناوەندە قەزاییەکان و پۆلیسیش بەدواداچوونیان ئەنجام نەداوەو ئەمیر عەبدوڵڵاهیش کە بە توندی بریندار بووە، لە ناوەندێکی دەرمانیدا لە شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویەوە هەتا ئێستا لە ئێران و لە زۆربە ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە، چەکدارانی خۆجێی حکوومەتی ئێران، لە کاتی دەمەقاڵەدا چەکی سازماندراوی خۆیان بەکار دێنن.

هەر لەو کاتەوە هەتا ئێستا، ئەو کەسە خۆجێیانە، کە لەلایەن حکوومەتەوە چەکدار دەکرێن و دژی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکەن، لەلایەن خەڵکی خۆجێی کوردستانەوە بە \"جاش\" ناو دەبردرێن.