هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئیتلاعاتی شاری مەهاباد گوازرایەوە

14:01 - 23 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"حەسەن فەتحی\" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، کە لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە وێڕای پشتراست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هاشم فەتحی تەمەن ٢٤ ساڵ و برای ئەم هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی فەتحی نیسبەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان لە گرتووخانەی ئیتلاعات نیگەرانن و پێداگریان لە سەر ئەوە کردووە کە کوڕەکانیان هیچ جۆرێک چالاکیی سیاسیان ئەنجام نەداوە.

ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"هاشم و حەسەن فەتحی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم دوو برایە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.