هاووڵاتییەکی کورد بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرا

15:07 - 14 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەو ناوەندە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"باقر ڕۆستەمی\" تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی فەرەج، خەڵکی گوندی \"تەوریوەر\" سەر بە ناوچەی \"ژاوەرۆ\"ی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی باقر بێئاگایی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لە دەسبەسەر کردنی ناوبراو بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەکەن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"ئەمجەد قادری و مووسا یووسفی\" خەڵکی گوندی \"چۆڕ\"ی شاری مەریوان کە ڕۆژی ٨ی جۆزەردان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"چالاکیی سیاسی\" دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.