هاووڵاتییەکی کورد، بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕاگوێزرا

14:15 - 30 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"زەکریا تەها\" بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانە زیندانی ناوەندیی شاری شنۆ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، هەر بەو تۆمەتە دادگایی و بە یەکساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتووخانەی شاری شنۆدا بووە.