هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانیی مەریوان ڕاگوێزرا

21:59 - 27 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان پاش ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانیی ناوەندی شاری مەریوان گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوو، بۆ زیندانیی ناوەندی شاری مەریوان ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیارە، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، بڕیار کاوە بە دانانی بارمتە، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: موحسین فەرهمەند، حەمید پروازە و محەممەد پروازە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا، ڕاگیراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین، \"موحسێن فەرەهمەند\" کوڕی خوسرەو و \"حەمید پەروازە\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی محەممەد، هەروەها ڕۆژی دواتر ٢٧ی ڕەزبەر، محەممەد پروازە تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی حەسێن، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.