هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

09:59 - 29 رێبەندان 2719

حەوتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی نەسری" تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" دانیشتووی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگایی‌کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوەچوو و ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لەو حکومە دەبێت جێبەجێ ببێت.

پاش پشتڕاست کردنەوەی حوکمی داسەپا بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.