هاووڵاتییەکی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا

15:11 - 1 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"دلێر نەسروڵڵاهی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.

هێزەکانی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە هۆی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە چوار چالاکی ژینگەپارێزی مەریوانی لە شاخی ئاویەر بانگهێشت کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، دوای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازاد کراوە.

دوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە چوار چالاکی ژینگەپارێزی مەریوانی لە شاخی ئاویەر لە سنە، لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان، هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە بانگهێشتکردنی زیاتر لە ١٠ چالاکی کرێکاریی و ژینگەپارێزی کردووە.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری شاری مەریوان گیانیان لەدەست دا.