هاووڵاتییەکی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کرا

13:34 - 23 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێیان، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە و لێپرسینەوەیان لەگەڵی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتن کردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە، داوای هاوکاریان لێ کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"فەخرەدین ئەحمەدیان\" تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی مەلا ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی \"دێگورجێـ\"ـی شاری شنۆ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزەکانی ئیتلاعاتی شنۆ، پاش بانگهێشت کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، داوای هاوکاریان لێ کردووە و پاش ڕەت کردنەوەی هاوکاریی لە لایەن ئەو هاووڵاتییە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ئازاد کردنی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، پێیان ڕاگەیاندووە، هەتا یەک مانگ دەبێ هەموو ڕۆژێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بکات.