هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کامیاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:04 - 14 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەرکردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، بە ناوی \"ڕەحیم خاتری\"، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گوندی \"شێراوانە\" سەر بە شاری کامیاران، دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \"کورش عەزیزی\" و \" یووسف ئەحمەدی\" دەسبەسەر کردووە.