هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

15:38 - 5 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد، خەڵکی باکووری کوردستان (تورکیە)، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی \"یووسف بەداک\" خەڵکی شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی کوردستانی باکووری بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\"، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی ئەو زیندانییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە شەش مانگی ڕابردوودا، بۆ بەندی نێوخۆیی زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستە لەو بەندەدا ڕاگیراوە..

ئەو سەرچاویە هەروەها دەڵێت: یووسف بەداک دوو ساڵ و شەش مانگ پێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ماوەی دوو ساڵ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها پێداگری لە سەر ئەوە دەکات، کە ئەو زیندانییە کوردە، لە کاتی دادگایی کردنیدا لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە.