هاووڵاتییەکی کامیارانی بە زەبری چەقۆی زاواکەی کوژرا

18:58 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوولاتییەکی کوردی خەڵکی شارستانی کامیاران لە ئەنجامی \"کێشەیەکی بنەماڵەیی\"دا، لەلایەن زاواکەیەوە بە زەبری چەقۆ گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی تەیموور دروودی و کوڕی سەمەد، کە خەلکی گوندی \"کاوانە\"ی سەربە شاری کامیاران بوو، بە زەبری چەقۆ کوژرا.

دەگوترێ، زاوای ئەو هاووڵاتییە کوردە بەناوی \"محەمەد\" و خەڵکی شاری قوروە، ناوبراوی لە ماڵی خۆیدا کوشتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامیارانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو رووداوە بەهۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\" هاتۆتە ئاراوەو لە ئەنجامدا تەیموور دروودی بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەویە ئەم هەواڵە، تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پزیشکی دادوەریی شارستانی قوروە راگیراوە.

کارناسانی کاروباری کۆمەلایەتیم هۆکارەکانی چوونە سەرەوەی توندوتیژی لە نێوان هاووڵاتییاندا بۆ هەژاری، بێکاری و ناڕەزایەتیی جنسی، نەبوونی پەروەردەی دروستی بنەماڵەیی دەگەڕێننەوە.