هاووڵاتییەکی پیرانشاری لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا+وێنە

16:06 - 15 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی پیرانشاری لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە بە مەبەستی دزینی پارەکەی رفێندرا و دەرمانداو کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کەسێک بەناوی بەهمەن محەمەد حەسەنی دانیشتووی پیرانشار لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە رفێندراوە و دواتر بە دەرخوارددانی ساندیس بێهۆش‌یان کردووە و پارەکەیان لێ دزیوە.

\"19159.jpg\"
بەهمەن محەمەد حەسەنی بڕی ٧ هەزار دۆلاری پارە پێ بووە و سەرجەم پارەکەی لەلایەن ئەو چەند کەسەوە دزراوە
دەگوترێت، بەهمەن محەمەد حەسەنی بڕی ٧ هەزار دۆلاری پارە پێ بووە و سەرجەم پارەکەی لەلایەن ئەو چەند کەسەوە، کە بە وتەی شایەتحاڵان ماشێنێکی جۆری \"پژۆ پارس\"یان پێ بووە، دزراوە و پاش دوو رۆژ ناوبراویان بەبێ‌هۆشی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی پیرانشار فڕێ داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش نزیک بە ٢٠ رۆژ لەو رووداوە، بەهۆی ئاسەواری ئەو ماددە بێهۆشکەرەی کە دەرخواردی دراوە، باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

پێشتریش چەند هەواڵی هاوشێوە لە شاری شنۆ و پیرانشارەوە لەمەڕ رفاندنی هاووڵاتییان و دزینی پاڕەکانیان بە ئاژانسی کوردپا گەیشتبوو، کە لەلایەن چەند کەسێکەوە بە شێوەی بەردەوام ئەنجام ئەدرێت.