هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بەجێهێشت

21:34 - 17 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ئازاد کردنی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بە ناچاری ئێرانی بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید جەمال سەفەوی\" تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ئازاد کردنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتە، بە ناچاری پەڕیوەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە کاتی چوونەدەر لە ماڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێندێک کەرەستە شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان برد.

ناوبراو، پاش دوو مانگ لە گرتنگە، لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا و پاش پێنج رۆژ بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهێشتووە.

سەید جەماڵ سەفەوی، هەنووکە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێیە.