هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە زیندان مەحکووم کرا

12:37 - 8 خەرمانان 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "لوقمان قادری" کوڕی عەزیز خەڵکی پەسوێ و دانیشتووی شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ئەو شارە بە دوو ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانان، بەو هاووڵاتییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە جادەی پیرانشار ـ پەسوێ، دەسبەسەر کردبوو.