هاووڵاتییەکی نەغەدەیی لە شاری زەنجان لە سێدارە درا

21:04 - 7 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری نەغدەی سەر بە پاریزگای ورمێی، لە زیندانی ناوەندیی شاری زەنجان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، ڕۆژی چوارشەممەی ٣ی جۆزەردان، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری نەغەدە بە تاوانی کڕین و هەڵگرتنی ماددەی سڕکەر، جێبەجێ کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە \"عەبدوڵڵا قادرزادە\" تەمەن ٣٤ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری \"خوڕڕەمدەڕڕە\"ی سەر بە پارێزگای زەنجان بە تاوانی ٢کیلۆ هێرۆئین و ١کیلۆ و٢٠٠ گرەم ماددەی\"شیشە\" دەستبەسەر کرا.

پێشتر دەزگای قەزایی حوکمی لە سێدارەدانی بە سەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاندبوو.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە؛ لە ساڵی ڕابردووی زایینی(٢٠١٦)دا، ٢٩٥ هاووڵاتی بە تاوانی جۆراوجۆری پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.