هاووڵاتییەکی مەسیحی لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

21:38 - 30 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان لەشاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازتیانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتیەکی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی \" گۆڕینی دین و پێڕەوی کردن لە ئایینی مەسیحی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەرە کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە سامان ڕەحمانی ڕاگه‌یه‌ندراوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەز دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری مەهاباد پشتڕاستی کردەوە کە ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دوو ساڵ پێشەوە بووەتە مەسیحی و لەبەرەبەرەی ڕۆژی لەدایکبوونی عیسای مەسیح و جێژنی کریسمەس دەستبەسەر کراوە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە : سامان کوڕی یەکێک لە مامۆستایانی بەناوبانگی شاری مەهابادە و باوکیشی ئەو کارەی بە کوفر لەقەڵەم داوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ هەواڵێک لە سەر شوینی ڕاگیرانی سامان ڕەحمانی لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کورەی باکوور، سوومالی و ئەفغانستان لەلایەن ڕێخکراوی \"دەرگا ئاوەڵاکان\"ەوە (Open Doores) وەکوو ئەو وڵاتانەی کە پێڕەوانی مەسیحی دەخەنە ژیر گوشارەوە ناسێنراون.

هەروەها، ئێران چەندین جار و لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بە گوشار خستنە سەر، دەستدرێژی و زیندانی کردنی سیستماتیکی گرووپە ئیتنیکی و مەزهەبییەکان تۆمەتبار کراوە.