هاووڵاتییەکی مەریوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشان گیانی لەدەست دا
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ناڕازیی خەڵکی مەریوان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان کرماشان، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "بورهان مەنسوورنیا" خەڵکی مەریوان، خاوەنی دوکتورای دامپزیشكی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، گیانی لەدەست دا.
لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ٢٨ و ٢٩ی خەزەڵوەر، تەرمی دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "عەبدولڕەزا شیرزادی و سەجاد باقری"، لە کرماشان و گوندی "داوەران جەلالوەند"ی کرماشان، ئەسپەردە کراون.
لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کرد و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییانەدا، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی کوژران و بریندار بوون.
هەتا ئێستا تەنیا شوناسی چەند کەسێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کوژراو بە ناوەکانی: "موزەفەر زەهیری کوڕی نسوور، محەممەد میرزایی، نادر بیژوەند و مستەفا فەرزامی"، ڕوون بووەتەوە.