هاووڵاتییەکی مەریوانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

14:20 - 8 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوانیان دەسبەسەر کرد.

شوناس و ناونیشانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی \"ئەمجەد قادری\"، خەڵکی گوندی \"چۆڕ\" سەر بە شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"چالاکیی سیاسی\" دەسبەسەر کردووە.

لە ڕاپۆرتی جیهانی ساڵی ٢٠١٥ی چاوەدێرانی مافی مرۆڤدا، هاتووە: \"کەسانی سەرکوتکەر لە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزاییی ئێران دەسەڵاتێکی بەربڵاویان هەیە و لەو پەیوەندییەدا تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن\".

لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هێزە ئینتزامییەکان وەکوو ناوەندێکی فەرمی بەرپرس لە دەسبەسەر و بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان، ڕێکخراوەکانی هاوتەریب و ئاڵۆز وەکوو ئیدارەی ئیتلاعات، سپای پاسداران، بەسیج و هێزە خۆسەرەکان ناوسراو بە لیباس شەخسییەکان کە سەر بە ڕێکخراوەی ئیدارەی ئیتلاعاتن، دەسەڵاتی تەواوی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانیان بەبێ حوکمی قەزایی و بەبێ کاتی دیاریکراو هەیە.