هاووڵاتییەکی قوروەیی لە شاری قەزوین ئێعدام کرا

21:00 - 14 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ، دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قوروەی لە پارێزگای کوردستان لە شاری قەزوین جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە تاوانی قەتڵی بە ئەنقەست لە زیندانی ناوەندیی شاری قەزوین \"چوبین\" ئێعدام کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"مەحموود فەرمەرزی\" تەمەن ٣٦ ساڵ و کوڕی سەلیم ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە، لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٨٧ی هەتاوی، لە شاری قەزوین تووشی قەتڵی ئەنقەست بووە و لە مانگی پووشپەڕی ٨٨ی هەتاوی لە لایەن دادگای گشتی ئەو شارەوە بە\"قیساس\" مەحکووم کراوە.

ئەو سەرچاویە ئەوەی ڕوون نەکردووتەوە کە مەحموود فەرمەرزی بە چ هۆکارێک تووشی ئەو قەتڵه بووە.

ناوبراو نزیک به ٩ ساڵ لە زیندان دا بووە و پاش دوو ساڵ لە کاتی دەستبەسەریدا لە زیندانی قەزوینەوە بۆ زیندانی ئەبهەر گواستراوتەوە و نزدیک بە چەند حەوتوویەک پێشتر لە زیندانی ئەبهەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری قەزوین گواستراوتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئێعدام کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، باسی لە میدیایی نەکردنی ئێعدامی ئەو زیندانییە لە ڕاگەیەنەکانی حکوومەتیدا کردووە.