هاووڵاتییەکی شنۆیی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

13:34 - 5 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنیكی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٤ ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد، دانیشتووی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"مەجید دەریایی\" تەمەن ٥٦ ساڵ و دانیشتووی شاری شنۆ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تاوانی ئەوە دەسبەسەر کردووە، کە کوڕەکەی بە ناوی \"ئاکام دەریایی\" ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بردووە.

ئەو سەرچاوەیەش هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، مەجید دەریایی تەنیا بە تاوانی ئەوەی کە کوڕەکەی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانە، چەند جارێک لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی لێ کراوە.