هاووڵاتییەکی شنۆیی بە ناچار زێدی خۆی بەجێهێشت

14:55 - 26 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ به هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"ئۆوەیەس موافقی\" تەمەن ٣٠ ساڵ بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران زێدی خۆی بە ناچاری بۆ وڵاتی تورکیه بەجێهێشت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کرد: \"٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لێپێچینەوەم لێکرا، ئەشکەنجە درام و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوازرام\".

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: \"٤٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرام و بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژ مانم لە خواردن گرت و دواتر بە هۆی دۆخی نالەباری جەستەیی منیان بۆ زیندانی شنۆ ڕاگواست، دوای ١٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دوو جەلەسەی \"تفهیم اتهام\" لە دادسەرای شنۆ لە لایەن سەردۆزگەر \"نادر عەبباسی\" بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرام\".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش کرد: \"لە دوو جەلەسەی \"تفهیم اتهام\" لە دادسەرای شنۆ سەرجەم تۆمەتە وەپاڵدراوەکانم ڕەت کردەوە و دوای یەک مانگ جارێکی دیکە هێزە ئیتلاعاتییەکان لە هەوڵی ئەوە دابوون من دەستبەسەر بکەن و بۆیە ناچار بووم زێدی خۆم بەجێ بهێڵم. دواتر لە دادگای \"غیابی\" بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی، تەبانی دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کرام\".

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و دوو منداڵی هەیە. پووشپەڕی ساڵی ٨٨ی هەتاویش وێڕای ٥ کەسی دیکە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ دەستبەسەر و دادگای ئنیقلابی شنۆ هەر کام لەو ٥ کەسەی بە تۆمەتی \"چالاکیی تەبلیغی، هەڵدانی ئاڵای کوردستان و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی\" به ١٠ مانگ حەبسی تەعزیری مەحکووم کردبوو.