هاووڵاتییەکی شاری مەهاباد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دەسبەسەر کرا

15:09 - 12 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کوردی ئەو شارەی بانگهێشت و دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان، دەستیان بە سەر بەڵگەی ماشێنی شەخسیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \" بێهزاد خزری\" خەڵکی مەهاباد داگرتووە و دواتر ناوبراویان بانگهێشت و دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادر لەو بارەیەوە ئاشکرای کردووە، ئەو هاووڵاتییە کورده بۆ پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد سەردانی گڵکۆی پێشەوای کردبوو و بەو هۆیە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوه.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین هاووڵاتیی کورد لە کاتی پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا دەسبەسەر کراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەست دا نیه.

چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوەدا، ٧١مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەواد لە مەیدانی \"چوارچرا\"ی مەهاباد کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی \"کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە\" وەڕێخست.