هاووڵاتییەکی سەردەشتی لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا

19:25 - 14 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دووهەمین هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە کوردستان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە ١٤ی ڕەشەمە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشتیان لەو زیندانە جێبەجێ کرد.

\"\"شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە \"ئەبووبەکر سەلیمی\" کوڕی سەلیم ناسراو بە \"کوێخا سەلیم\" خەڵکی شاری سەردەشت ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە ٩ ساڵ پێش بە هۆی کوشتنی کەسێکی دیکەوە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران حوکمی قیساسی بە سەردا سەپاوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەبووبەکر سەلیمی بۆ لێبخۆشبوونی کوڕەکەیان لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە، بێ‌ئاکام بووە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ڕابردوو، یەکشەممە ١٣ی ڕەشەمە، بەرپرسانی زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان، حوکمی لە سێدراەدانی خوێندکارێکی کوردیان بە ناوی \"مەسعوود وەکیلی\" تەمەن ٢٨ ساڵ خوێندکاری زانکۆی ئیسفەهان بەڕێوە برد.