هاووڵاتییەکی سنەیی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

15:22 - 6 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە بە ناوی عەمار ڕەحمانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

عەمار ڕەحمانی، ئەندامی تیمی هەندباڵی پارێزگای سنە بووە.