هاووڵاتییەکی روانسەری بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

15:31 - 23 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری روانسەر حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"عادڵ مورادی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی \"عەبدوڵڵا\" و خەڵکی شاری روانسەر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای شاری روانسەر تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"پڕووپاگەندە بەدژی نیزام و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\"ی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە کە هەنووکە لە زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی کرماشان ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ \"ئیدریس ئەحمەدی\" کوڕی مەحموود و \"نەعمان مەنووچێهری\" دەستبەسەر کرابوو.

دواتر نەعمان مەنووچێهری بە دادنانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەمەڕ چارەنووسی \"ئیدریس ئەحمەدی\" نەدرکاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لەسەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم بە ١٦ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

ئەو ئامارە رێژەییەو بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی میدیای ئازاد لەو ناوچانە، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.