هاووڵاتییەکی دەسبەسەر کراوی کورد، لە ئیتلاعاتی سپا بۆ ئیدارەی ئیتلاعات سەقز گوازرایەوە

14:09 - 26 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دەسبەسەر کراوەی خەڵکی شاری سەقز، پاش ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کردنی، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"عەتا ڕەحمان زادە\" (شەماڵ سەقزی) بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٢٠ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، هەنووکە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز ڕاگیراوە.

دەگوترێ، ماڵی ناوبراوە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سپای پاسدارانەوە پشکێنراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"بەشداریی لە شایی و خۆشی دەربڕینی پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان\" دەسبەسەر کراوە و لە هۆکاری گواستنەوەی ناوبراو لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

پاش بەڕێوەچونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، کامیاران، ساین قەڵا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردیان بە تۆمەتی \"بەشداریی لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان\" دەسبەسەر کردووە.

لە چارەنووسی زۆربەی دەستبەسەر کراوەکان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هیچ شێوەیەک وڵامێکی ڕاست سەبارەت بە چارەنووسی دەستبەسەر کراوەکان بە بنەماڵەکانیان نەداوتەوە.