هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری میاوندوئاو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:12 - 15 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەنسوور کەربەلایی" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "سەرچنار"ی شاری میاندوئاو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا ناوبراو هیچ پەیوەندییەکەی تەلەفوونی یان چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو بەدواچوونی بنەماڵەی کەربەلایی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی مەنسوور کەربەلایی هیچ زانیارییەک بە دەست نەهاتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەید سالار سەید ڕەحیمی" کوڕی سەید عەبدوڵڵا و "حەسەن ماملێ‌ئازەر" خەڵکی گوندی "گامێش گۆلیـ"ـی شاری میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.