هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری روانسەر دەستبەسەر کرا / باری ئەمنیی شاری روانسەر ناسەقامگیرە

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد، رۆژی دوووشەممە١٦ی بانەمەڕ هاووڵاتیەکی دیکەیان لەشاری روانسەر دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"میلاد مورادی\" تەمەن ٢٧ ساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان ماڵی ئەوهاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کۆمەڵیک کەلوپەلی شاخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە لیباس شەخسی و ئیتلاعاتییەکان لە سێ‌ڕێیانی \"بنچەڵێ و ناراوی\"ی شاری روانسەر جێگیر کراون و وێرای کۆنتڕۆڵ کردنی جوڵە و بزاوتی هاووڵاتییان، کارتی پێناسیشیان لێ وەردەگرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە وێڕای بەدواداچوونی بنەمالەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەهۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی هیچ زانیارییک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە و شەممە رێکەوتی ١١ و ١٤ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەناوەکانی \"عادڵ مورادی، ، نەعمان مەنووچێهری و ئیدریس کەریمی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئیتلاعاتی سپای کرماشان کراون.