هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بووە قوربانی مین

14:50 - 14 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق، لە تەنیشت ماڵەکەیدا بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی ئەدەوات و کەرەستەی تەقینەوە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی\"بێوران\"ی شاری سەردەشت بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو ژنەی بە ناوی\"حەبیبە جیهانی\" تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزانی خدر ئیبراهیمی و دایکی دوو منداڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ژنە لەم ڕووداوەدا، لە نێو قەد و شانی بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕووداوە، نزیکەی ٧ ڕۆژ پێش روویداوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەتا ئێستا ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەیان بە کەمئەندام نەناساندووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێران، دوووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین و کەرەستەی شەڕە و پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٢٠ ساڵ، لە واژۆکردنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و عێراق‌دا، هێشتا خەڵکی کورد بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی پێوەندیدارەوە، گرفتاری پاشماوەکانی شەڕن.

تا ئێستا دەیان ڕاپۆرتی دڵتەزێن، سەبارەت بە تەقینەوەی مین و کەرەستەی شەڕ و کوژرانی خەڵکی سڤیل، لەو ناوچانە بڵاوکراوەتەوە و هیچ کەسیش بەرپرسایەتی ئەم تراژێدیایە بە ئەستۆ ناگرێت.