هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

09:58 - 10 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن قورەیشی" خەڵکی شارستانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "قورەیشی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی "حوسێن" بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەروەها هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.