هاووڵاتییەکی خێرخواز بە دانی پارە ١٠ زیندانی ئازاد کرد

13:59 - 26 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خێرخوازی کورد لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا، ١٠ هاووڵاتیی کوردی، بە دانی پارە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کرد.

هەواڵدەریی حکوومەتی\"ئیرنا\"ی سنە لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە خێرخوازە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە دانی ١میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن ڕیاڵ، ١٠ هاووڵاتیی زیندانی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرد کە تووشی تاوانی \"غیرعمد\" ببوون.

بە وتەی ئیسحاق ئیبراهیمی، ئەو زیندانییانە کە تووشی \"جرائم غیر عمد\"ی وەک مارەیی، نەفەقە، ڕووداوی هاتوچۆ، ڕووداوی کار و قەرز و قۆڵە هاتبوون، لەلایەن ئەو خێرخوازەوە پارەکەیان دراوە و لە زیندان ئازاد کراون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە درێژەدا دەڵێت: ئازادی زیندانییانی \"غیرعمد\" لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی بە نیسبەت ساڵی رابردوو(٩٥) زیاتر لە سەدا ٣٣ بوو.

بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی سنە هاووڵاتییانی زیندانی غیر عمدی ئەو پارێزگایەی زیاتر لە ٣٠٠ کەس خەمڵاند و ڕایگەیاندووە: بۆ ئازاد کردنی ئەو ژمارە زیندانییانە زیاتر لە ٢٥٠ میلیارد ڕیاڵ پارە پێویستە.