هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:06 - 3 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەقز بە هۆکارێکی نادیار دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵ خەڵکی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"عەلی تاقە باگیر\" خێزاندار و دانیشتووی گەڕەکی \"قەوخ\"ی شاری سەقز ڕاگەیاند.

هەتا ئیستا هۆکاری خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٥ ساڵە بە ناروونە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماری خۆکوژی لە ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی بەربڵاو ڕووی لە زیاد بوون کردووە و بە شێوەیەک پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە لە ئاستی ئێران پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

دوکتور هادی نەقدی، چالاکی مەدەنی و دەرونناس، لە پەیوەندیی لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستان لە وتارێکدا لەژێر ناوی\"با لە خۆکوژییەکان قسە نەکەین لە ڕێگاکانی پێشگیری قسە بکەین\" دەڵێت: دیاردەی خۆکوژی لە ئیدز و گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر جیایە و بە جێگای شاردنەوەی دەبێ بە میدیایی بکرێت. دیاردەی خۆکوژی ئەوەندە پرسێکی هەستیارە کە تەنانەت هاودەردی کردن لەگەڵ کەسی خۆکوژ لە بنەماڵە و لە لای منداڵان و لاوەکان دەگونجێ پەیامێکی خرابی لێ بکەوێتەوە.

ئەو ڕاوێژکارە دەرونناسە ئەوەش دەخاتە روو، لە هەلومەرجێکی تایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە\"استرسورهای\" جۆراوجۆری خەڵکی لە خۆ دەگرێت، بە جێگای قسە کردن لە سەر خۆکوژی دەبێ بۆ خۆکوژی هەوڵێکی پێشگرتوونەمان هەبێت. ئەوەش نە تەنیا لە لایەن ناوەندێکی دیاری کراو بەڵکوو تەواوی ناوەندەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و سیاسی دەبێ بۆ پێشگیری لە خۆکوژی بەرنامە و هەنگاوی کردەی هەبێت.