هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٠ساڵ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕوانسەر کرا

15:40 - 14 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، بۆ سێهەمین جار لە یەک حەوتووی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان، بە ناوی \"باقر سەفەری\" تەمەن ٦٠ساڵ بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، باقر سەفەری بو بنکەی سەرەکیی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر بانگهێشت کراوە و لەسەر کوڕەکەی پرسیاریان لێ کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر بەو هاووڵاتییە کوردەیان وتووە، کە دەبێ کوڕەکەتان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی نەکات و خۆی لە حیزبە کوردییەکان بەدوور بگرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: مەئموورانی ئیتلاعات داوایان لەو هاووڵاتییە کوردە کردووە، کە کوڕەکەیان بگڕێتەوە ئێران و هەروەها داوای ناونیشانی بنەماڵەی خێزانی کورەکەیان لێ کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئیتلاعات بەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی کوڕەکەتان لە چالاکیکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ سزای قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

یەکێک لە کوڕەکانی باقر سەفەری، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانە، کە داوای ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانی ماڵی کوڕەکەیان لێ کردووە.