هاووڵاتییەکی تورک بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان کوژرا

21:48 - 31 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای تەورێز کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری \"خودا ئافەرین\" هێرشیان کردە سەر گوندی حەسرەتان (نوروزلو) ی ئەو شارە و لاوێکی خەڵکی ئەو گوندەیان کوشت.

ماڵپەڕی \"جوانەها\" شوناسی ئەو هاووڵاتییەی بە ناوی \"سەیاد نێژاد عەلی\" ڕاگەیاندووە و ئەو ڕووداوەش کاتژمێر ١ی نێوەشەو ڕوویداوە.

\"\"بەوتەی یەکێک لە شایەت حاڵەکانی ئەو ڕووداوە، کاتژمێر ١ی نیوەشەو، هێزە لیباس شەخسییەکان لە کاتی ڕاوەدوونانی ماشینی سەیاددا، دەستڕێژی لێ دەکەن و ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی، پاش بەجێهێشتنی ماشینەکە، لەو شوێنە دوور دەکەونەوە.

ئەو شایەت حاڵە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە لیباش شەخسییەکان دەست دەکەن بە تەقەکردن و لە ئەنجامی تەقە بەربڵاوەکانی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو هاووڵاتییە تورکە دەکوژرێت.

دەوترێ، هێزە ئەمنیەتییەکان لە پشتەوە تەقە لەو هاووڵاتییە تورکە دەکەن، کە لە ئەنجامدا گوللە بەر سەری کەوتووە.

شوناسی ئەو مەئموورەی حیفازەت ئیتلاعاتەی کە تەقەی لە سەیاد کردووە، بە \"عەلی پوور\" ڕاگەینراوە. هێزە ئەمنیەتییەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییە تورکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار، لێدوانی سەربارەت بەو ڕووداوە نەداوە.

گوندی حەسرەتان، سەر بە شاری خودا ئافەرینی پارێزگای تەورێز، لە لێواری ڕووباری \"ئەرەس\" هەڵکەوتووە.