هاووڵاتییەکی بە ڕەچەڵک هەولێری لە زیندانی زەنجان ئێعدام کرا

20:23 - 21 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی شاری بیجاڕی، بە تۆمەتی \"قیساس بە نەفەس\" لە زیندانی شاری زەنجان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری بیجاڕ، حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری هەولێر و دانیشتووی شاری بیجاڕ، جێبەجێ کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"سۆران ڕەشید زاهیدی\" ناسراو بە سۆران هەولێری، تەمەن ٣٣ ساڵ، ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە لە کارگەی سوڵتانییەی شاری زەنجان کاری دەکرد بە هۆی کوشتنی کەسێک لە ساڵی ٩٣ لە زیندانی ئەو شارە دابووە.

دەزگای قەزایی بە تۆمەتی کوشتن بە ئەنقەست حوکمی قیساسی نەفەسی بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا، سەپاندبوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو هاوڵاتییە کوردە بڵاوی کردبووە کە، سۆران بڕی ٣ میلیۆن ٥٠٠ هەزار تمەنی قەرزی لای خاوەنکار بووە و پاش نەدانەوەی قەرزەکەی لە لایەنه خاوەنکارە، شەر و کێشە لە نێوان ساز بووە و ئەم ڕووداوە ڕوویداوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە لە شاری بیجاڕ سەر بە پارێزگای سنە نیشتەجێن و لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا نەیانتووانیووە، ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بهێنن.

پێشتر، تۆڕی مافی مرۆڤی مانیتوورینگی ئێران لە \"ئینفوگرافیکـ\"ـێکدا بڵاوی کردووە، کە لە ماوەی ٩ مانگدا، ٢١٦ هاووڵاتیی ئێرانی و کورد لە ئێراندا لە سێدارە دراون.