هاووڵاتییەکی بەهایی لە شاری سنە بە دوورخرانەوە و زیندان مەحکووم کرا

14:46 - 6 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی بەهایی، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ئەم شارە، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و ساڵێک دوورخرانەوە بۆ شاری میناب لە پارێزگای هۆرمۆزگان مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، هاووڵاتییەکی بەهایی، بە ناوی \"زەبیحوڵڵا رەئووفی\"، تەمەن ٦٩ ساڵی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و ساڵێک دوورخرانەوە بۆ شاری میناب، مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە بەهایییە، ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و پاش شەش ڕۆژ لە گرتووخانە بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تەمەنی ئازاد کرا.

ناوبراو لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا، کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بە شەش مانگ زیندان لە شاری \"توویسرکان\" گۆڕدرا.

پەروانە ڕەحمانی هاوژینی ئەم هاووڵاتییە، ڕایگەیاندووە، هاوژینەکەی کە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، هەتا ئێستە ئەم حوکمە لە لایەن دادگایی پێداچوونەوەی شاری سنە پشتڕاست نەکراوەتەوە.