هاووڵاتییەکی بەهایی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

14:09 - 10 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی بەهایی خەڵکی شاری سنە، پاش بانگهێشتکردن بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، \"زەبیحوڵڵا ڕەئووفی\" تەمەن ٦٩ ساڵ، خەڵکی شاری سنە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و یەکساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری میناب، لە پارێزگای هۆرمۆزگان مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی، بۆ زیندانی شاری سنە ڕەوانە کرا.

ئەو هاووڵاتییە بەهایییە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٤ لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و هەروەها ساڵێک دوورخرانەوە بۆ شاری میناب لە پاڕێزگای هۆرمۆزگان مەحکووم کراوە و ئەم حوکمەش مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش بانگهێشتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی دادگوستەریی شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە بەهایییە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و پاش ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

هەروەها ئەم هاووڵاتییە بەهایییە ساڵی ٨٨ دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام بە یەکساڵ حوکمی تەعزیری مەحکووم و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ زیندانی لە شاری \"تویسرکان\" گۆڕدرا.

لەم پێوەندییەدا پەروانە ڕەحمانی، هاوسەری ئەو هاووڵاتییە بەهایییە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و هەتا ئێستا ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە پەسەند نەکراوە.