هاووڵاتییەکی بۆکانی پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر کرا

16:19 - 30 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکانیان لە سنووری باشماخی مەریوان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد، بە ناوی \"ئەنوەر ئاتەشتەر\"، خەڵکی گوندی \"چوار دیوار\" سەر بە بەشی ناوەندیی شاری بۆکان، لە کاتی گەڕانەوە لە هەریمی کوردستان، لە سنووری باشماخی مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان گوازراوەتەوە و لە گرتووخانەی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران تاوانبار کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو لاوە کوردە دوو حەوتووی پێش سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو لاوە کوردە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکانە و دۆسییەگەلێکیان لە بواری \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بۆ ناوبراو ساز کردووە.