هاووڵاتییەکی بۆکانی لە ئۆتووبانی کەرەج بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

16:25 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە ئۆتووبانی کەرەج ماشینی کەسیی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکانیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۱۳ی پووشپەڕ، لاوێکی خەڵکی بۆکان، بە ناوی کەیوان عەبدوڵڵازادە، کوڕی ڕەسووڵ، لە ئۆتووبانی کەرەج نزیک شاری هەشتگرد، دەکەوێتە بەر پەلاماری هێزەکانی ئینتزامی و لەسەر ئۆتووبان دەسڕێژی لێ دەکەن و ماشینەکەی دەدەنە بەر گولـلە، کە برینداربوونی ئەو هاووڵاتییە کوردەی لێ دەکەوێتەوە.

\"\"
کەیوان عەبدوڵڵازادە
ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کەرەج کراوە و دوو ڕۆژ لە بەشی چاوەدێری تایبەت خەوێندراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەرچەندە ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانە چووەتە کۆماوە، بەڵام دوو سەربازیش لە بەردەرگان و بە هیچ کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئیزنی چوونەژوورەوە نادەن.

سەرچاوەکە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە، هاتووەتە هۆش و ئیجازەیان بە خێزانی داوە، بۆ ماوەی ۵ خولەک بیبینێ، کە خێزانی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو هاتووەتەوە هۆش، بەڵام توانای قسەکردنی نییه.

سەرچاوەکە هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: یەکێک لە نزیکەکانی ئەو لاوە کوردە ڕایگەیاندووە: کە هێزە ئینتزامییەکان پاش پشکنینی ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ شتێکیان تێدا نەدۆزیوەتەوە.

هەتا ئێستاش هیچ کەسێک بەرپرسایەتیی تەقە لەو لاوە کوردە بە ئەستۆ ناگرتووە و هیچ ئۆرگانێکیش وڵامێکی ڕوونی بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.