هاووڵاتییەکی بۆکانی بە تاوانی ئەندامەتی لەحیزبە کوردییەکان دادگایی کرا

14:35 - 12 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی بۆکان کە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە، لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"گوڵ حوسێنی\" دادگایی کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەز خالید کەیهانی‌راد خەڵکی گوندی \"ده‌روێشاڵی\"ی سەربە شاری بۆکان بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیستیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، لەدادگای ئەو شارەدا و بە سەر لێرسینەوەی لێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری بۆکانەوە رایگەیاند؛ خالید کەیهانی رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ١٨ رۆژ راگیران لە ئیتلاعات، بە دانانی بارمتەیەکی ٣٠ میلیۆن تەمەنی بەشێوەی کاتی لەزیندان ئازاد کرا.

خالید کەیهانی‌راد هاوڕێ لەگەڵ پاریزەرەکەی \"بێهرووز کیا\" لە دادگای بۆکان ئامادە بووە و بڕیارە لە رۆژانی دادهاتوودا حوکمەکەی پێ رابگەیەندرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای ساڵی ١٣٩١هاوڕێ لەگەڵ ٣ کەسی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی مەهدی رەمەزانی، رەشیدی کەریمە شەل و مەولوود خورشیدی لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

دواتر لە رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩١ هەر کامەیان بە تاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.