هاووڵاتییانی ئیسلام ئاباد و نوێنەرانی مەجلیس پەیوەست بە كەمپەینی \"رزگار كردنی كانی بڵ\" بوون

14:59 - 4 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: پشتیوانیی هاووڵاتییان لە كەمپەینی فریاكەوتن و رزگار كردنی كانیاوی بڵ و پێداچوونەوە بە دروست كردنی بەنداوی داریان، قۆناغێكی تازەی بە خۆیەوە بینیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییانی كورد لە شارستانی ئیسلام ئاباد لە ئوستانی كرماشان بە كۆكردنەوەی واژۆ و ناردنی بۆ وەزارەتی وزە، لە هەوڵی رزگار كردنی كانیاوی بڵ لە هەورامان دان.

چالاكانی ژینگە پارێزیی ئیسلام ئابادی رۆژئاوا بە مەبەستی پشتیوانی لە گەڵاڵەی رزگاركردنی \"كانی بڵ\"‌‌، لە ٨ شوێنی شاردا سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژۆ لە هاووڵاتییانن.

كۆكردنەوەی واژۆ لەراستای ئەو نامەیەدایە كە بۆ وەزیری وزەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران نێردراوە.

لەبەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، كانیاوی بڵ لە بواری مێژووی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەوە زۆر بە نرخە و لە ریزی ئاسەواری نەتەوەییەکاندایە.

هەر لەو پێوەندییەدا ٩ نوێنەری مەجلیس لە ئوستانەكانی كرماشان و كوردستان پشتیوانییان لەو كەمپەینە كردووە و خوازیاری تاوتوێ‌و پێداچوونەوە بە دروست كردنی بەنداوی داریان كە هۆكاری سەرەكیی لەناو بردنی \"كانی بڵ\"‌ـە، بوون.

تەیەب حەیدەری(كرماشان)، فوتحوڵڵا ئەمینی ( قەسری شیرین)، موحسین بیگلەری (بانە و سەقز)، سەید محەممەد بەیاتیان(بیجار و گرووس)، نعمەتوڵڵا مەنووچێهری(پاوە، جوانڕۆ، سەلاس و رەوانسەر)، سالار مورادی( سنە، كامیاران و دیواندەڕە)، ئومید كەریمیان (مەریوان و سەوڵاوا)، ئەحسەن عەلەوی(سنە، كامیاران و دیواندەڕە)، حامید قادر مەرزی ( قوروە و دێولان) پشتیوانیی خۆیان لە كەمپەینی رزگار كردنی كانیاوی بڵ دەربڕیوە.

بەوتەی سەید ئەحسەن عەلەوی، وەزیری وزە لە دەوڵەتی یازدەیەمدا بڕیاری گۆڕینی پڕۆژە و پلانی دروست كردنی بەنداوی داریانی دەركردووە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس، كەمكردنەوەی خەسار و زیانەكانی دروست كردنی بەنداوی داریانی بە ویستی زۆربەی خەڵكی ناوچەكە لەقەڵەم داوە.

چالاكانی ژینگە پارێز لە \"نۆدشە\"‌ش نامەیەكیان، كە لەلایەن هەزار كەسەوە واژۆ كراوە، بۆ ناوەندە پێوەندیدارەكان ناردووە و تێیدا باسیان لە رزگار كردنی كانی بڵ كردووە.

یەكێك لەچالاكانی ژینگەپارێز لە نۆدشە داوای لە فەرمانداری پاوە كردووە، كە لە بیری رزگار كردنی كانیاوی بڵدا بن.

لە نامەی سەرئاوەڵای ئەندازیار ئەمیر دارستاندا باس لە خەسارەكانی ئاوگیری بەنداوی داریان كراوە و تەنانەت باسیش لەوە كراوە كە ژیان و سەرچاوەی بژێویی دانیشتوانی ناوچەكەش دەخاتە مەترسێیەوە.

لەحاڵی حازردا دروستكردنی بەنداوی داریان لە قۆناغەكانی كۆتایی دایە و لە ئەگەری ئاوگیری ئەو بەنداوەدا، نزیك بە ١٥ كانیاو و یەك لەوان كانیاوی بڵ دەچنە ژێر ئاو و هەزاران دار \"بەڕوو\" لە ناو بەنداوەكەدا دەفەوتێن.

كانیاوی بڵ لە هەر چركەیەكدا چوار هەزار لیتر ئاوی لێ دێتە دەرەوەو توانای دابین كردنی ئاوی خواردنەوەی دوو میلیۆن كەسی هەیە.

لەم ساڵانەی دواییدا لە كوردستان ٧ بەنداو ئاوگیری كراوە، ١١ بەنداوی لەحاڵی دروست كردن دایە و ٢٨ بەنداویش بڕیاری دروست كردنیان لەسەر دراوە و بە باوەڕی چالاكانی ژینگە پارێز دروست بەنداوی داریان كە دەبێتە هۆی خەساری ژینگەیی، سروشتی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و مەزهەبی جێگای پرسیار و هەلوێستە كردنە.