هاووڵاتییانی شنۆیی پێشیان بە خۆسووتاندنی دایکی زیندانییەکی سیاسیی کورد گرت

21:40 - 11 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دایکی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، سەردانی فەرمانداری شاری شنۆی کرد و خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی یەکێک لە کوڕە دەسبەسەرکراوەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی پووشپەڕ \"مەرجان بێهرووزی\"، دایکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری شاری ورمێ، سەردانی فەرمانداری شاری شنۆی کرد و خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی کوڕەکەی \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"ـی کرد کە دوو ڕۆژ پێش دەسبەسەر کرابوو.

دایکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر وڵامنەدانەوەی فەرمانداری شاری شنۆ و ناڕوونیی چارەنووسی کوڕەکانی، هەوڵی خۆسووتاندنی لە بەردەم بینای ئەو ناوەندە حکوومەتییە دا، کە هاووڵاتییانی کورد پێشیان بە خۆسووتانی دایکی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە گرت.

ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەڵێن: \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە ژێرگوشاری و داواکاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کراوە\".